کەسێک لە کاتی یارمەتیدانی خاڵی گیانی لەدەستدا

​گەنجێکی دانیشتووی خورماتوو کە بۆ میوانی چبووە شاری سلێمانی و لە کاتی یارمەتیدانی خاڵی بەهۆی بەرکەوتنی تەزووی کارەباوە گیانی لەدەستدا.

ئەمشەو 24ی تەممووزی 2026 ئاری عەبدوڵا، بەرپرسی ڕاگەیاندنی نەخۆشخانەی گشتی خورماتوو ڕایگەیاند: “گەنجێک بە ناوی “محەمەد سەرمەدە” درەنگانی ئێوارەی ئەمڕۆ تووشی ڕووداوی بەرکەوتنی کارەبا بووە و و دوای گەیاندنی بە یەکێک لەنەخۆشخانەکانی سلێمانی و دوای پشکنینی سەرەتایی دەرکەوتووە کە گەنجەکە بەهۆی تەزووی کارەباوە و پێش گەیشتنی بەنەخۆشخانە لەڕێگا گیانی لەدەستداوە.”

لەلایەکی دیکەوە ئیسماعیل حەسەن، مامی گەنجەکە ڕایگەیاند: “ئەمڕۆ برازاکەم بۆ سەردان چوو بووە شاری سلێمانی و لە ماڵی خاڵیدا میوان بووە، هەر لەوێش بەهۆی بەرکەوتنی بە تەزوی کارەبا گیانی لەدەست دا.”

ئیسماعیل حەسەن، گوتیشی: ” ڕووداوەکە لەکاتێکدا بووە کە ماڵی خاڵی سەرقاڵی گۆڕینی کێبڵێکی کارەبای ماڵەکەیان بوون، برازاکەشم کە تەمەنی 24 ساڵە و پیشەی کرێکار بوو، بۆ هاوکاریی ئەوان دەستی داوەتە کارەکە، بەڵام بەهەڵە دەستی داوەتە کێبڵی سەرەکی ماڵەکە و پێش گەیاندنی بە نەخۆشخانە گیانی لە دەستداوە.”