شەڕ لە نێوان دوو بنەماڵە ڕوویدا و 15 کەس بوونە قوربانی

لە سنووری قەزای حەویجە، بەهۆی دروستبوونی گرژی و شەڕ لەنێوان دوو بنەماڵەدا 15 کەس بریندار بوون و 30 کەسیش دەستگیر کران.

بەگوێرەی زانیارییەکان، شەوی ڕابردوو لەگوندی “نەگار”ی سنووری قەزای حەویجە، شەڕێکی قورس لە نێوان دوو بنەماڵەدا سەریهەڵداوە، هۆکاری شەڕەکەش بۆ کێشەیەک لەسەر سووتانی دەغڵی زەوییەکی کشتوکاڵی لە ناوچەکەدا دەگەڕێتەوە.

زانیاریییە دەستکەوتووەکان ئاماژە بەوەش دەکەن، لە ئاکامی ئەو شەڕەدا 15 کەس لە هەردوولا بە سەختی بریندار بوون و بە مەبەستی وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی، ڕەوانەی نەخۆشخانەی شارۆچکەی حەویجە کراون.

 لە دوای ڕووداوەکە، هێزەکانی پۆلیسی حەویجە گەیشتوونەتە شوێنی شەڕەکە و دەستیان بە لێکۆڵینەوەی ورد کردووە، لە ئەنجامدا 30 کەس لە هەردوولا بە تۆمەتی بەشداربوون لەو گرژییەدا دەستگیر کران.