عەلی ‌حەمە سالح: پارتی و یەکێتی هەرێمی کوردستانیان دابەشکردووە

سەرۆکی ڕەوتی هەڵوێست ڕەخنەی لە پارتی و یەکێتی دەگرێت و ڕایدەگەیەنێت، دوای 35 ساڵ لە حکومڕانی، ئەم دوو حیزبە هەموو جومگەکانی هەرێمی کوردستانیان لەنێوان خۆیاندا دابەش کردووە.

ڕۆژی دووشەممە 12ی تەممووزی 2026 عەلی حەمەساڵح، سەرۆکی ڕەوتی هەڵوێست لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: “دۆسیە گرنگەکان ڕەوانەی دادگا ناکرێن و بە بیانووی ئەوەی بابەتی سیاسیین پەردەپۆش دەکرێن، لە هەرێمی کوردستاندا سەروەریی یاسا کەوتووەتە ژێر کاریگەریی ململانێی حیزبەکانەوە.”

عەلی حەمەساڵح، گوتیشی: ” یەکێتی و پارتی لەنێوان خۆیاندا سنووریان داناوە، کە دەرمانێک ئەگەر لە هەولێر گومرگ کرابێت، بەبێ پارە ناهێڵن بێتە سلێمانی و بە پێچەوانەشەوە هەمان سیستم پەیڕەو دەکرێت.”

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا عەلی حەمەساڵح، جەختی کردەوە، جگە لە سنوورەکان، لەنێوان پارتی و یەکێتیدا زەوی، مەرزەکان و تەنانەت هێزی سەربازییش دابەش کراون.