بەگوێرەی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە ئێران، هێزەکانی پاسەوانی سنوور لە شاری سەوڵاوای ڕۆژهەڵاتی کوردستان تەقەیان لە ئۆتۆمبێلێک کردووە و لە ئەنجامدا مێردمنداڵێکی تەمەن 15 ساڵان کوژرا و باوکێشی بە سەختی بریندار بوو.
ئەمڕۆ هەینی 10ی تەممووزی 2026 ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو ڕایگهیاند: ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە هێزەکانی پاسەوانی سنوور لە گوندی دەرەکێی سەر بە شاری سەوڵاوا، ئۆتۆمبێلی بنەماڵەیەک لە خەڵکی ئەم گوندەیان بەبێ هیچ جۆرە ئاگادارکردنەوەیەکی پێشوەخت دایە بەر دەستڕێژی گوللە.
ڕێکخراوەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، لهو ڕووداوهدا سام حەسەنی لە بەشی سەریەوە پێکراوە و دەسبەجێ گیانی لەدەستداوە و باوکیشی لە بەشی ڕانەوە بە سەختی بریندار بووە.
تەرمی سام حەسەنی بۆ پهیمانگهی پزیشكی دادوهری بوعەلی مەریوان گواستراوەتەوە و باوکیشی هەر لەو نەخۆشخانەیەدا لەژێر چاودێریدایە.
تاوەکو ئێستا لایەنە پەیوەندیدارەکان هیچ زانیارییەکیان سەبارەت بە هۆکاری تەقەکردن لە ئۆتۆمبێلی ئەو هاونیشتمانییانە بڵاونەکردووەتەوە.