لە ڕێوڕەسمێکی تایبەت دا لە شاری هەولێر، بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران و چەندین دیپلۆماتکار و بەرپرسی حکومی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بەرزترین ڕێزلێنانی فەرمی ووڵاتی ئیتاڵیای پێ بەخشرا.
ئەمڕۆ چوارشەممە 8ی تەممووزی 2026 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: “بەناوی گەلی کوردستان و عێراق، سوپاس و پێزانینم بۆ ئەم ڕێزلێنانە دەردەبڕم، بۆ هەر کەسێک لە دۆستایەتی هەردوولادا بەشدار بووە، بە شانازییەوە ئەمڕۆ ئەم مەدالیایە وەردەگرم.”
نێچیرڤان بارزانی، گوتیشی: “شانازی بەو ڕۆڵە دەکەین کە ئیتاڵیا لە شەڕی دژ بە داعشدا گێڕاویەتی، پشتگیرییە سەربازییەکانیان لە مەشق و ڕاهێنان بە هێزەکانی پێشمەرگە و پشتیوانیکردنی هێزە عێراقییەکان، کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆی هەبوو لە تێکشکاندنی تیرۆر و پاراستنی ناوچەکە.”
هەروەها جەختی لەوەش کردەوە، کە هەرێمی کوردستان بە هاوکاریی دۆستەکانی، بەردەوامە لە پرۆسەی چاکسازی و یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە، کە ئەمەش وەک وەبەرهێنانێک لە ئاسایش و سەقامگیریی عێراق و ناوچەکەدا دەبینرێت.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان، سوپاس و پێزانینی خۆی ئاراستەی سێرگیۆ ماتەرێلا، سەرۆککۆماری ئیتاڵیا کرد، گوتی” پەیوەندی و هاوبەشییەکەمان لەگەڵ ئیتاڵیا تەنیا لە ڕووی سیاسییەوە نامێنێتەوە.”
واتای مێدالیایەکە چییە؟
باڵاترین ڕێزلێنانی کۆماری ئیتاڵیایە بۆ کەسایەتییە بیانییەکان.
هۆکاری بەخشینی خەڵاتەکە بە نێچیرڤان بارزانی چییە؟
ڕۆڵی نێچیرڤان بارزانی وەک نێوەندگرێکی جێی متمانە و پراگماتیک.
گرنگییەکەی لە چیدایە؟
نیشانەی پەیوەندییەکی ستراتیژی و پتەوە لە نێوان ڕۆما و هەولێر.