بەرەبەیانیی ئەمڕۆ خورشید هەرکی و حەیدەر هەرکیی برای لە سنووری قەزای خەبات لەلایەن پۆلیسی هەولێرەوە دەستگیر کران.
خورشيد هەرکی کێیە؟
خورشید هەرکی کەسایەتییەکی دیارى هۆزى هەرکییە، لە سنووری قەزای خەبات لە هەولێر نیشتەجێیە، ناوبراو لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی ڕابردوو بانگەشەیەکی بەرفراوانی بۆ سەرخستنی لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان دەکرد و حەیدەر هەرکیشی برای زیاتر هاوسۆزی هەبوو لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانی کوردستان.
سەرەتای ناکۆکییەکان لە کوێ سەریان هەڵدا؟
لە مانگى تەممووزى ساڵی 2025 بەهۆی کێشەیەکی زەوی و زار گرژیی لەنێوان ژمارەیەک چەکداری سەر بە خورشید هەرکی و هێزە ئەمنییەکان دروست بوو، بەهۆیەوە پێشمەرگەیەکی زێرەڤانی و هاووڵاتییەکی عەشیرەتی هەرکی شەهیدبوون. داواتر بەنێوەندگیرى سەرۆکى هەرێمى کوردستان لیژنەیەک پێکهێنرا و دۆخەکە بەرەو ئارامبوونەوە ڕۆیشت و گرژییەکان کۆتاییان هات.
هۆکاری درەنگ دەستگیرکردن و تێپەڕبوونی ساڵێک بەسەر ڕووداوەکە بۆچی دەگەڕێتەوە؟
خورشید هەرکی هەر لە ساڵی ڕابردووەوە فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرچووبوو، بەڵام ئەو کات لیژنەیەک لەسەر ڕاسپاردەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەردانی شوێنی حەوانەوەی خورشیدیان کردبوو بۆ ماوەیەک لە هۆتێلێکی شاری هەولێر هێڵدرایەوە و دواتر ئازادکرا، دوا بە دوای ئەوە و لەمساڵدا گرژی و ناکۆکی دووبارە لە گوندێکی سنوورەکە بە ناوی “لاجان” سەریهەڵدا و حەیدەری برای خورشید هەرکی هەڕەشەی تەقاندنەوەی پاڵاوگەی “کار” و وێستگەکانی کارەبای لە هێزە ئەمنییەکان دەکرد. لە بەرانبەردا هێزە ئەمنییەکان بێدەنگییان هەڵبژاردبوو تاوەکو سەر لە بەیانی ئەمڕۆ هەردووکیان لە نێو ماڵەکانیان دەستگیرکران.
خۆرشید هەرکی تۆمەتبارە یان تاوانبار؟
ماوەیەک لەمەوبەر برازایەکی خورشید هەرکی لەسەر شاشە دەرکەوت و ڕایگەیاند: خورشید هەرکی دەستی بەسەر هەموو شتێکدا گرتووە و حیساب بۆ هیچ کەسێک ناکات لە سنوورەکەمان. تەنانەت هەرچی زەوی زار و سامانە بردوویەتی، هەر ڕاستەوخۆ خورشید هەرکی هاتە سەر خەت و گوتی: “ئەو تۆمەتانەی دەداتە پاڵ من ڕاست نین و قسەکانی بێ بنەمان.” لای خۆیەوە پۆلیسی هەولێر دەڵێت: “ئەم دوو برایە بوونەتە هۆکاری نانەوەی ئاژاوە و کێشە و دەستدرێژی کردنە سەر موڵک و ماڵی هاووڵاتییان و موڵکی گشتی.”
ئەو تۆمەتانەی درانە پاڵ خورشی هەرکی و براکەی بریتین لە:
دەستدرێژی کردنە سەر مولک و ماڵی هاووڵاتییان و موڵکی گشتی
شەهید کردنی پێشمەرگەیەک و هاووڵاتییەک
سوتاندنی کەلوپەلی سەربازیی هێزەکانی پێشمەرگە
هاندانی خەڵک دژی یاسا و سەقامگیری گشتی
ڕێگری کردن لە پرۆژەکانی حکومی
هەڕەشەکردن بە تێکدانی ژێرخانی ئابووری
هەبوونی سکاڵا لە دژیان لەلایەن هاووڵاتییانەوە