هێرشکرایە سەر بازگەیەکی هێزە ئەمنییەکان و دوو پۆلیس کوژران

لە هێرشێکی چەکداریدا بۆ سەر بازگەیەکی هێزە ئەمنییەکان لەسەر ڕێگای بانە – سەقز، دوو پۆلیس کوژران و پێنج کەسی دیکەش بریندار بوون.

ئەمڕۆ شەممە 27ی حوزەیرانی 2026 پۆلیسی پارێزگای سنە ڕایگەیاند: “لە هێرشەکەدا دوو پۆلیس بە ناوەکانی “موحەممەد وەلەدبیگی” و “مارتین ئەحەدی” کوژراون.”

لە ڕاگەیەندراوەکەی پۆلیسدا هاتووە، لە نێو بریندارەکان منداڵێکی کچ هەیە کە تەمەنی سێ ساڵە و لەو کاتەی هێرشەکە کراوە لەگەڵ خێزانەکەی بەڕێگادا تێپەڕیون.

لەلایەکی دیکەوە، سەرچاوە ئەمنییەکانی پارێزگای کوردستان ڕایانگەیاند: “لێکۆڵینەوە لە ڕەهەندەکانی ئەم هێرشە و ناسنامەی هێرشبەران بەردەوامە و دوای تەواوبوونی زانیارییەکان، وردەکاریی زیاتر و ئاماری کۆتایی بۆ ڕای گشتی بڵاو دەکرێتەوە.”

 میدیاکانی ئێران ئاماژە بەوە دەکەن هێرشەکە لەلایەن “گرووپە دژە شۆڕشەکانەوە” ئەنجام دراوە، بەڵام تا ئێستا هیچ لایەنێک بە فەرمی بەرپرسیارێتی خۆی ڕانەگەیاندووە.