د.عەبدولـلەتیف ئەحمەد: ئەوەی بەرانبەر بە من دەکرێت پلان بۆ داڕێژراوە

د.عەبدولـلەتیف ئەحمەد لە وتاری ئەمڕۆی هەینیدا، جارێکی تر سەرجەم ئەو تۆمەتانەی ڕەتکردەوە کە لەم دواییانەدا ئاراستەی کراون و دەڵێت، ئەوەی بەرانبەری دەکرێت هەڵمەتێکی داڕێژراوە بۆ ناشرینکردنی.

ئەمڕۆ هەینی 26ی حوزەیرانی 2026 د.عەبدولـلەتیف ئەحمەد، مامۆستای ئاینی ڕایگەیاند: “ئەو کارانەی لە دژی من ئەنجام دەدرێن، زوڵم و ستەمێکی گەورەن و لەلایەن کۆمەڵێک کەسەوە پێشوەختە پلانیان بۆ داڕێژراوە بە مەبەستی ناشرینکردنی من لە ناو کۆمەڵگەدا.”

د.عەبدولـلەتیف ئەحمەد، گوتیشی: “بە هیچ شێوەیەک دەستبەرداری پەیامەکەم نابم و ماوەی 35 ساڵە خزمەتی ئیسلام دەکەم، لەسەر ئەم ڕێگایەش بەردەوام دەبم.”

دوێنێ ئەو لیژنە تایبەتەی کە لە تۆمارە دەنگییەکانی د. عەبدولـلەتیفی دەکۆڵییەوە، تەواوی پێشنیار و دەرئەنجامەکانی لێکۆڵینەوەکەی ئاراستەی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی کردووە، چاوەڕوان دەکرێت لە ڕۆژانی داهاتوودا بڕیاری کۆتایی و ڕێوشوێنی پێویست سەبارەت بەم دۆسیە بدرێت و ڕابگەیەندرێت.