بەهۆی تەقینەوەی بوتڵێکی غاز 11 ئەندامی خێزانێک سووتان

بەهۆی تەقینەوەی بوتڵێکی غاز لە نێو ماڵێکدا لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، 11 ئەندامی خێزانێک بریندار بوون و بۆ وەرگرتنی چارەسەر ڕەوانەی نەخۆشخانەی دهۆک کران.

ئەمڕۆ هەینی 19ی ‌حوزەیرانی 2026 ئەمیر عەلى، بەرپرسى ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانى بەڕێوەبەرایەتى گشتیى تەندروستیى زاخۆ ڕایگەیاند: “بەهۆى ڕووداوەکەوە 11 کەس برینداربوون، پێنج کەسیان ڕاستەوخۆ بەهۆى قورسى برینەکانیان ڕەوانەی نەخۆشخانەى فریاکەوتنى دهۆک کراون و شەش لە بریندارەکانیش لە ئیدارەى زاخۆ چارەسەریان بۆ دەکرێت.”

لەلایەکی دیکەوە، حوسێن ڕەمەزان یەکێک لە بریندارەکان ڕایگەیاند: “سێ لە بریندارەکان دوای وەرگرتنی چارەسەری سەرەتایی و بەهۆی سوکیی برینەکانیانەوە ڕەوانەی ماڵەوە کراون. هاوکات ئێستا هەشت لەو کەسانەی بەهۆی ڕووداوەکەوە سووتاون، لەژێر چاودێریی پزیشکیدا لە نەخۆشخانە ماونەتەوە.”

ڕووداوی تەقینەوەی بوتڵی غاز لەو سنوورە یەکەمجار نییە؛ مانگی ئابی ساڵی ڕابردووش بەهۆی تەقینەوەی بوتڵی غازی ئۆتۆمبێلێک، دوو برا گیانیان لەدەستدا و دوو کەسی دیکەش بریندار بوون.