یەکێتی زانایان: بێ ڕێزیکردن بەرانبەر بە ناوی خودا قبووڵکراو نییە

یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی کوردستان هۆشداری دەداتە هاووڵاتییان لە کڕینی جۆرێکی خواردنەوەی بیبسی کە ئاڵای عێراقی لەسەرە، بەهۆی بوونی وشەی (الله أکبر) لەسەر قوتووەکە.

ئەمڕۆ چوارشەممە 17ی حوزەیرانی 2026  د. عەبدوڵڵا شێرکاوەیی، گوتەبێژی یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی کوردستان ڕایگەیاند: “لەبەر ئەوەی ناوی (الله) پیرۆزە و ئەرکە بە پیرۆزی ڕابگیرێت و بپارێزرێت، بەهیچ شێوازێک قابیلی سووکایەتی و بێڕێزی نییە.”

د.عەبدوڵڵا شێرکاوەیی گوتیشی: ” دروست نییە ئەم ناوە پیرۆزە لەسەر کاڵا و شتومەکی بازرگانی بەکاربهێنرێت، بەتایبەت لە قوتووی بیبسی، چونکە دوای خواردنەوەی فڕێدەدرێت و دەکەوێتە شوێنی پیس و زبڵدان.”

 گوتەبێژی یەکێتیی زانایان ئاماژەی بەوەش کرد، کە فڕێدانی ئەو قوتووانە بێڕێزییەکی گەورەیە بەرانبەر بە ناوی پیرۆزی خودا و لە ڕووی ئایینییەوە بەهیچ شێوەیەک گونجاو نییە.

ماوەیەکە لە بازاڕ و مارکێتەکانی هەرێمی کوردستان جۆرێکی بیبسی بڵاوبووەتەوە کە وێنەی ئاڵای عێراقی لەسەر قوتووەکەی نەخشێنراوە.