بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەبۆنەی ڕێککەوتنی ئاشتی نێوان ئەمریکا و ئێران پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت: “ئێمە وەک یەکێتی هەر لەسەرەتاوە پشتیوانیمان لە هەموو ئەو هەوڵانە کردووە کە دەبنە هۆی ئاشتی و دیالۆگ.”
ئەمڕۆ دووشەممە 15ی حوزەیرانی 2026 بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕایگەیاند: “پیرۆزبایی لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و کۆماری ئیسلامی ئێران دەکەین بەبۆنەی ئەم ڕێککەوتنە مێژووییەوە. هیوادارین ببێتە مایەی ئاشتییەکی بەردەوام لە ناوچەکەدا.”
بافڵ تاڵەبانی، لە پەیامەکەیدا دەشڵێت: “هەر لە سەرەتاوە، ئێمە وەک یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، پشتیوانیمان لە هەموو ئەو هەوڵانە کردووە کە دەبنە هۆی ئاشتی و دیالۆگ و هەماهەنگی و لە داهاتووشدا بەردەوام دەبین لەسەر ئەم هەڵوێستەمان.”
سەرۆکی یەکێتی هیوای خواست کە ئەم هەنگاوە ببێتە مایەی بەرقەراربوونی ئاشتییەکی بەردەوام و گشتگیر لە تەواوی ناوچەکەدا. لە کۆتایی پەیامەکەشیدا نووسیویەتی: “خودا کۆماری ئیسلامی ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بپارێزێت.”
دەقی پەیامەکەی بافل جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان:
پیرۆزبایی لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و کۆماری ئیسلامی ئێران دەکەین بەبۆنەی ئەم رێککەوتنە مێژووییەوە. هیوادارین ببێتە مایەی ئاشتییەکی بەردەوام لە ناوچەکەدا.
ئەم رێککەوتنە هەنگاوێکی ئەرێنییە بەرەو کەمکردنەوەی گرژییەکان و برەودان بە سەقامگیری لە ناوچەکەماندا. هەر لە سەرەتاوە، ئێمە وەک یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، پشتیوانیمان لە هەموو ئەو هەوڵانە کردووە کە دەبنە هۆی ئاشتی و دیالۆگ و هەماهەنگی و لە داهاتووشدا بەردەوام دەبین لەسەر ئەم هەڵوێستەمان.
خودا کۆماری ئیسلامی ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بپارێزێت
بافڵ جەلال تاڵەبانی
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان