دوای 16 رۆژ لە ونبوونی، ئەمڕۆ ئەو منداڵەی ماوەیەک لەمەوبەر لە بناری قەندیل ونبوبوو، بە پارچە پارچەکراوی تەرمەکەی دۆزرایەوە کە تەنیا ئێسک و پروسکی ماوەتەوە.
ئەمڕۆ هەینی 12ی حوزەیرانی 2026 نەهرۆ عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری ناحیەی سەنگەسەر ڕایگەیاند: ” هەواڵمان پێدراوە کە تەرمی منداڵێک لە بناری قەندیل دۆزرابێتەوە، تیمەکانمان ناردووە بۆ هێنانەوەی.”
بەگوێرەی زانیارییەکان، کاتێک تیمەکان گەیشتوونەتە شوێنەکە، تەرمێکیان بە پارچە پارچەکراوی بینیوە جلوبەرگی هاوشێوەی جلوبەرگی یاد بووە، بەڵام هێشتا بەشێوەیەکی فەرمی یەکلایی نەکراوەتەوە ئەو تەرمە یادە یاخود نا.
لە لایەکی دیکەوە، تەها محەمەد، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی راپەڕین گوتی: “تەرمەکە ئێستا لە پزیشکی دادە، پشکنینی ناسینەوەی بۆ دەکرێت، چونکە تەرمەکە تەنیا ئێسک و پروسک ماوەتەوە.”
لای خۆیەوە بێستوون غەمبار، خاڵی منداڵەکە دووپاتیدەکاتەوە کە ئەوە تەرمی خوارزاکەیەتی و جلوبەرگی تەرمەکە هەمان جلوبەرگی یادە.
ڕۆژى 27ی ئایار دواى ئەوەى خێزانێکى دانیشتووى شارى هەولێر سەردانى گوندی ئێنزە دەکەن لە بناری قەندیل و منداڵەکەیان بەناوى یاد سەرباز لێ وندەبێت و بە درێژایی دوو هەفتەی ڕابردوو بە بەردەوامی تیمەکانی حکومەت و خەڵکی دەڤەری پشدەر و باڵەکایەتی بەدوایدا دەگەڕان.