بەبۆنەی کۆچی دوایی ڕۆژنامەنووسی دیاری تۆڕی میدیایی ڕووداو هەڵکەوت عەزیز، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەڕێمی کوردستان سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری ناوبراو دەکات.
ئەمڕۆ دووشەممە 8ی حوزەیرانی 2026 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەیامەکەیدا نووسیویەتی: “بۆ کۆچی دواییی میدیاکار و بەرپرسی نووسینگەی تۆڕی میدیاییی ڕووداو لە بەغدا، خوالێخۆشبوو هەڵکەوت عەزیز، کە بهداخهوه بەهۆی ڕووداوێکی دڵتەزێنی هاتووچۆوە گیانی لەدەست دا، سەرەخۆشی لە بنەماڵە، کەسوکار و هاوکارانی دەکەم.”
نێچیرڤان بارزانی، دەشڵێت: “خوالێخۆشبوو هەڵکەوت عەزیز، پەیامنێرێکی لێهاتوو، دڵسۆز و چالاک بوو، کە خزمەتێکی زۆری بە بواری میدیا کرد. لە خوای مەزن داواکارم گیانی بە بەزەیی و میهرەبانیی خۆی شاد بکات و ئارامی و دڵنەوایی بە هەمووان ببەخشێت.
هەڵكەوت عەزیز، خەڵكی شاری كەركووكە، لەدایكبووی ساڵی 1989ە، خێزاندارە و باوکی دوو منداڵە، بڕوانامەی دیپلۆمی لە بواری دەرهێنان لە بەشی شانۆی پەیمانگەی هونەرە جوانەكانی كەركووك وەرگرتووە. نزیكەی 17 ساڵە لە بواری میدیادا کاردەکات.