وەزیری کاروباری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، واژۆی لەسەر خشتەکانی پلەبەرزکردنەوەی 1385 ئەفسەری هێزەکانی 70، پشتیوانی و بەرگری و فریاکەوتن کرد.
ئەمڕۆ دووشەممە 1ی حوزەیرانی 2026 وەزارەتی پێشمەرگە ڕایگەیاند: شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری کاروباری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، واژۆی لەسەر خشتەکانی پلەبەرزکردنەوەی ئەفسەرانی (فەرماندەیی هێزەکانی 70ی پێشمەرگە، هێزەکانی پشتیوانی یەک، هێزەکانی پشتیوانی دوو، و فەرماندەیی هێزەکانی بەرگری و فریاکەوتن) کرد، کە ژمارەیان 1385 کەسە.
لەگەڵ واژۆکردنی خشتەکەدا، وەزیری پێشمەرگە لە پەیامێکدا ڕایگەیاند: “خۆشحاڵین هەوڵەکانمان لە ڕێکخستنەوە و ئاساییکردنەوەی پرۆسەی پلەبەرزکردنەوەی ئەفسەرانی هێزی پێشمەرگە سەرکەوتووبوو؛ ئێستا پرۆسەکە بە شێوەیەکی ئاسایی و یاسایی لە کات و وادەی خۆیدا جێبەجێ دەکرێت.”
وەزیری پێشمەرگە، لە کۆتایی پەیامەکەیدا دەشڵێت: “دڵنیام ئەم قۆناغە نوێیەی پلەبەرزبوونەوەتان دەبێتە پاڵنەرێکی بەهێزتر بۆ بەردەوامبوون و پەرەپێدانی توانا سەربازییەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و سەرخستنی پرۆسەی چاکسازی و یەکخستنەوەی هێزەکانمان لەژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگەدا.”