لە ڕاپەرین سێ ڕۆژە منداڵێک دیار نەماوە

لە گوندی “ئێندزێ” سەر بە ناحیەی سەنەگەسەر لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەرین، ماوەی سێ ڕۆژە منداڵێک بە ناوی “یاد سەرباز عەلییە” ون بووە و تاوەکو ئێستا نەدۆزراوەتەوە.

ئەمڕۆ شەممە 30ی ئایاری 2026 عەقید شۆڕش ئیسماعیل، گوتەبێژی پۆلیسی ڕاپەڕین ڕایگەیاند: “کەسوکاری منداڵەکە نەهاتوون سکاڵا تۆمار بکەن، یان هەواڵمان پێبدەن، بۆ ئەوەی دەست بە لێکۆڵینەوە بکەین و دۆسیەی بۆ بکەینەوە.”

سەبارەت بەو دەنگۆیانەی کە گوایە منداڵەکە لەلایەن خزمێکیانەوە ڕفێندراوە، شۆڕش ئیسماعیل، گوتی: ” ئێمە کار لەسەر بەڵگە دەکەین نەوەکو دەنگۆ، دەبێت هەواڵمان پێبدەن، دواتر دۆسیە بکەینەوە ئینجا بەدوای دەنگۆکان بەلادا دەخەین.”

گوتەبێژی پۆلیسی ڕاپەرین ئاماژەی بەوەش کرد، “داواکاری گشتیی دەتوانێت داوا لە دەسەڵاتی لێکۆڵینەوە بکات، بۆ ئەوەی لێکۆڵینەوە لە ونبوونی ئەو منداڵە بکەن، ئەو کاتە ئێمەش دەتوانین دەست بە لێکۆڵینەوە بکەین.”

گوندی “ئێندزێ” سەر بە شارەوانیی بناری قەندیلە، بەگوتەی هاوسەرۆکی شارەوانییەکە؛ “ئەو منداڵە تەمەنی چوار ساڵە و دانیشتووی هەولێرە، ماڵی باپیری لە گوندەکەیە و بۆ سەردانی ماڵ باپیریان گەڕاونەتەوە و تووشی ئەو ڕووداوە بوون.”