باوکێک بە ئۆتۆمبێل بەسەر منداڵەکەیدا ڕۆیشت

لەسەر ڕێگای کەرکوک – بەغدا لەسنوری پارێزگای دیالە، منداڵێکی تەمەن دوو ساڵان کەوتە ژێر تایەی ئۆتۆمبێلەکەی باوکییەوە و گیانی لەدەستدا.

شەوی سێشەممە 26ی ئایاری 2026 خەلیل عەباس، ئێشکگر لەنەخۆشخانەی گشتی دیالە ڕایگەیاند: “منداڵەکە بە بارودۆخێکی زۆر خراپەوە گەیەندرایە نەخۆشخانە، سەرەڕای هەوڵەکانی تیمی پزیشکی بۆ فریاکەوتنی، بەڵام بەهۆی سەختی برینەکانی و بەرکەوتنی زەبرێکی لە ناوچەی سەر و سنگی، پێش گەیشتنی بە بەشی چاودێری ورد گیانی لەدەستدا.”

خەلیل عەباس، گوتیشی: “باوکی منداڵەکە بە نیاز بووە ئۆتۆمبێلەکەی بجوڵێنێت، بەبێ ئەوەی ئاگاداری بوونی منداڵەکەی بێت لە پشتەوە، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی ڕاستەوخۆ بە ئۆتۆمبێلەکەی بەسەر منداڵەکەیدا بڕوات.”