ئەمڕۆ قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێم بە جیا لەگەڵ هەریەکە لە “ئەلبرێشت فۆن ڤیتکە”، کونسوڵی گشتیی ئەڵمانیا و “ئەندرو بیزلی”، کونسوڵی گشتیی بەریتانیا لە هەرێم کۆبووەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە 25ی ئایاری 2026 قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێم ڕایگەیاند: “پێویستە دەرچەیەک بۆ کۆتاییهێنان بەم چەقبەستوویە بدۆزرێتەوە و هەردوو لایەنی پارتی و یەکێتی دەرگا بەڕووی قۆناغێکی نوێدا بکەنەوە، چوونکە بەردەوامبوونی ئەم دۆخە زیانی زیاتر بە پێگەی هەرێم و ژیان و گوزەرانی هاووڵاتییانی هەرێم دەگەیەنێت.”
قوباد تاڵەبانی، لەبارەی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەغدا گوتی: ” ئێمە دەمێکە وتوومانە بەغدا قوڵایی ستراتیژمانە و دەبێت وەک کورد لەوێ ئامادەییەکی بەهێزترمان هەبێت، دەستبەکاربوونی حکومەتی نوێ لە بەغدا دەرفەتێکی باشە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا لەسەر پرسە جیاوازەکان.”
لە کۆتایشدا، جێگری سەرۆکوەزیران، هیوای خواست دانوستانەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران بە ئەنجامێکی باش بگات و ئاشتی و سەقامگیری بۆ ناوچەکەی لێ بکەوێتەوە.