حکومەتی فیدراڵ بڕیاریداوە قەرەبووی ئەو هاونیشتمانییانەی هەڵەبجە بکاتەوە کە لە دوای کیمیاباران و کۆڕەو ئاوارەی وڵاتی ئێران بوون، بەو مەرجەی خاوەنی کارتی سپی یان سەوز بن کە لەو سەردەمەدا نەتەوە یەکگرتووەکان بە ئاوارەکانی داوە.
ڕۆژی چوارشەممە 6ی ئایاری 2026 بەهادین عەزیز، سەرۆکی کۆمکاری زیندانییانی سیاسیی کوردستان ڕایگەیاند: “پاش سەردانیان بۆ بەغداد و کۆبوونەوە لەگەڵ دەستەی زیندانییانی سیاسیی عێراق، بڕیاردراوە ئەو هاونیشتمانییانەی هەڵەبجە کە لە دوای ساڵی 1988 ئاوارەی ئێران بوون، قەرەبوو بکرێنەوە.”
بەهادین عەزیز، ئاماژەی بەوەش کرد، “زیاتر لە 30 هەزار کەس لە دانیشتووانی هەڵەبجە سوودمەند دەبن و مانگانە بڕی زیاتر لە 700 هەزار دیناریان وەک مینحە بۆ دەبڕدرێتەوە. مەرجی سەرەکی بۆ وەرگرتنی ئەم قەرەبووە ئەوەیە کە ئاوارەکە خاوەنی کارتی سپی یان سەوز بێت.”
لە لایەکی دیکەوە، نوخشە ناسیح، پارێزگاری هەڵەبجە ڕایگەیاند: “ئەمە بڕیارێکی حکومەتی فیدراڵییە و وەک ئیدارەی پارێزگاکە، لینکێکی تایبەت بۆ پڕکردنەوەی فۆڕم بۆ هاونیشتمانییان بڵاودەکەینەوە.”
پارێزگاری هەڵەبجە گوتیشی: “ئەو کەسانەی ناتوانن فۆڕمەکە پڕبکەنەوە یان هەر تێبینییەکیان هەیە، دەتوانن سەردانی بەشی (JCC) بکەن تاوەکو هاوکاری بکرێن بۆ تەواوکردنی ڕێکارەکان و ناردنی داتاکانیان بۆ بەغداد.”