گوندێکی هەڵەبجە بەربژێرە بۆ خەڵاتی باشترین گوند لە جیهان

 بەڕێوەبەرایەتی گشتی گەشتیاری هەڵەبجە دەڵێت:  “بیارە” تاکە کاندیدی عێراقە بۆ بەدەستهێنانی نازناوی باشترین گوندی گەشتیاریی جیهان.

ڕۆژی یەکشەممە 3ی ئایاری 2026  چیا قاسم، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری هەڵەبجە ڕایگەیاند: “لە چوارچێوەی ئامادەکارییەکان بۆ ئەمساڵ، لەگەڵ وەفدێکی دەستەی گەشتوگوزاری عێراق سەردانی مەیدانییان بۆ بیارە کرد و  سەرجەم ئەو مەرجانەی تێدایە کە ڕێکخراوی گەشتیاری جیهانی (UNWTO) دیاری کردوون، لەوانە؛ ژمارەی دانیشتووان، پاراستنی کلتوور، زمان، و سروشتی ناوچەکە.”

چیا قاسم گوتیشی: “بە گرنگی کار لەسەر ئەوەدەکەین کە بیارە ببێتە باشترین گوندی گەشتیاری جیهان و چەندین خاڵ هەبوون بۆ کاندیدبوونی بیارە، وەک؛ بوونی دارە بەتەمەنەکان هەندێکیان زیاتر لە 200 ساڵ تەمەنیانە و سیستەمێکی ئاودێریی دەگمەن.”

بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری هەڵەبجە ئاماژەی بەوەش کرد، ” بەدەستهێنانی ئەم نازناوە تەنیا بۆ لایەنی مەعنەوی نییە، بەڵکو دەبێتە هۆی ڕاکێشانی وەبەرهێنەران بۆ ناوچەکە، نۆژەنکردنەوەی شوێنەواری و بنکە تەندروستییەکان، و ناساندنی بیارە وەک شوێنێکی گەشتیاریی جیهانی لەسەر نەخشەی نێودەوڵەتی، کە ئەمەش کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆی لەسەر بوژانەوەی ئابووری ناوچەکە دەبێت.”

 تائێستا 320 گوند لە جیهاندا چوونەتە ناو ئەم تۆڕە، بیارە تاکە کاندیدە لەسەر ئاستی عێراق بۆ بەدەستهێنانی ئەم خەڵاتە جیهانییە.