لە پارێزگای مەلەتیی باکووری کوردستان، پاسێکی نەفەرهەڵگری کۆمپانیای گەشتیاریی “مووش یۆڵو”، کۆنترۆڵی لەدەستدا و وەرگەڕا. بە گوێرەی زانیارییەکان؛ سێ کەس گیانیان لەدەستدا و 22ی دیکەش بریندار بوون.
ڕۆژی یەکشەممە 3ی ئایاری 2026 سەدار یاڤوز، پارێزگاری مەلەتی لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی “ئێکس” ڕایگەیاند: ” دوای ئەوەی زانرا پاسێکی نەفەرهەڵگر کە لە ئاراستەی مەلەتییەوە بەرەو “سەمسوور” دەچوو لە سنووری شارۆچکەی “دۆغانشەهیر” تووشی ڕووداو بووە، بە هاوئاهەنگی پارێزگا، تیمەکانی پۆلیس، جەندرمە، تەندروستی، ئافاد، بەرگری شارستانی و تیمەکانی دیکە بەپەلە گەیشتوونەتە شوێنی ڕووداوەکە.”
سەدار یاڤوز، ئاماژەی بەوەش کرد، “کاری ڕزگارکردن بەردەوامە و دواتر زانیاری لەبارەی پێشهاتەکانەوە دەدرێت. هیوای سەلامەتی دەخوازم.”
بەپێی داتاکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتووچۆی تورکیا، تەنیا لە مانگی ئاداری ئەم ساڵدا 55 هەزار و 41 ڕووداوی هاتووچۆ لە تورکیا و باکووری کوردستان ڕوویانداوە، کە تێیاندا 140 کەس گیانیان لەدەستداوە و 30 هەزار و 517 کەسیش بریندار بوون.