بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتووچۆی هەرێم بڵاویکردەوە، ئێستا هاووڵاتییان دەتوانن لە سەرجەم پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان، مۆڵەتی نێودەوڵەتی بۆ ماوەی یەک بۆ سێ ساڵ بەدەستبهێنن و تێچووەکەشی لە 60 هەزار دینارەوە دەستپێدەکات.
ئەمڕۆ یەکشەممە 3ی ئایاری 2026 بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتووچۆی هەرێم ڕایگەیاند: “مۆڵەتی شۆفێری نێودەوڵەتی لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتووچۆی هەرێم و بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان دەردەهێندرێت، تێچووەکەشی لە 60 هەزار دینارەوە دەستپێدەکات و بە ماوەی نیو کاتژمێر مامەڵەکان تەواو دەکرێن و مۆڵەتەکە وەردەگیرێتەوە.”
لە بڵاوکراوەکەی بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی هەرێم، ئاماژە بە پێداویستییەکانی مۆڵەتی شۆفێری نێودەوڵەتی کراوە بەم شێوەیە:
1- مۆڵەتی شۆفێری ڕەسەن کارا بێت ( بەسەر نەچووبێت ).
2- پاسپۆرتی ڕەسەن کارا بێت ( بەسەر نەچووبێت ).
3- دوو وێنەی ڕەنگا و ڕەنگ.
بەڕێوەبەڕایەتییەکە باسی لەوەش کردووە، بڕی تێچوو و ماوەی کارابوونی مۆڵەتی شۆفێری نێودەوڵەتی بە 3 شێوە دەدرێت بە شۆفێران بە ماوە و بڕی ڕسووماتی جیاواز بەم شێوەیەی خوارەوە:
1ـ بۆ ماوەی یەک ساڵ بڕی 60 هەزار دینار وەردەگیرێت.
2ـ بۆ ماوەی دوو ساڵ بڕی 110 هەزار دینار وەردەگیرێت.
3ـ بۆ ماوەی سێ ساڵ بڕی 160 هەزار دینار وەردەگیرێت.