شەپۆڵێکی توندی سەرما بەڕێوەیە و پلەکانی گەرما دادەبەزن

شارەزایەکی کەشناسی دەڵێت: شەپۆلێکی سەرما و بەفربارین کە ناوچە جیاوازەکانی گرتووەتەوە، لە چەند ڕۆژی داهاتوودا کاریگەرییەکانی دەگاتە هەرێمی کوردستان و عێراق، پلەکانی گەرما بە شێوەیەکی بەرچاو دادەبەزن.

ڕۆژی شەممە 2ی ئایاری 2026 ئاراس جەبار، شارەزای کەشناسی ڕایگەیاند: “دوای ئەوەی لە دوێنێوە شەپۆلێکی بەفربارین تورکیای گرتەوە و بەرزاییەکانی ئەو وڵاتەی سپی پۆش کرد، پێشبینی دەکرێت نزمە پاڵەپەستۆیەکی سارد و جەمسەری ڕوو لە لوبنان، سووریا و باکووری کوردستان بکات.”

ئاراس جەبار دەشڵێت: ” لە ڕۆژی دووشەممە, کاریگەریی ئەو هەوا ساردە دەگاتە ناوچەکانی باکووری سعودیە، عێراق و هەرێمی کوردستان.”

ئەو کەشناسە ئاماژەی بەوەش کردووە، “هەرچەندە لە کاتی گەیشتنی بە ناوچەکانمان تا ڕادەیەک لاواز دەبێت، بەڵام پلەکانی گەرما بە شێوەیەکی بەرچاو دادەبەزن و لە شەواندا کەشێکی سارد باڵ بەسەر ناوچەکەدا دەکێشێت.”