ئوتۆمبێلێک کەوتە نێو ڕووبار و سێ منداڵ بوونە قوربانی

لە ڕووداوێکدا لە ناوچەی گەلی عەلی بەگ لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، ئۆتۆمبێلێک کە پێنج سەرنشینی تێدابوو کەوتە نێو ڕووبارەوە. لە کاتێکدا ئافرەت و پیاوێک لە نێو ئۆتۆمبێڵەکە پەڕیون، سێ منداڵیان بێسەروشوێنن.

ئەمڕۆ هەینی 1ی ئایاری 2026  ڕەوەند هاودیانی، گوتەبێژی بەرگریی شارستانی سۆران ڕایگەیاند: “تیمەکانی ژێر ئاو گەیشتوونەتە شوێنی ڕووداوەکە و دەستیان بە گەڕان کردووە بۆ دۆزینەوەی منداڵەکان، بەهۆی ساردی، زۆری ئەشکەوت، تاشەبەرد و لێڵی ئاوەکە گەڕان بۆ تیمەکان قورس بووە.”

ڕەوەند هاودیانی ئاماژەی بەوەش کرد، “سێ منداڵی خێزانەکە کە تەمەنیان (8 ، 14، 17) ساڵە، کەوتوونەتە نێو ڕووبارەکە و ئاو بردوونی، تا ئێستاش شوێنەواریان دیار نییە.”

پێنج کەسەکە خەڵکی قەزای خەلیفانن و لەکاتی گەڕانەوەیان لەگەشت تووشی ئەو ڕووداوە بوونە.