پلەی سەتان ئەفسەری پێشمەرگە بەرزدەکرێتەوە

ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند؛ ڕێکارەکانی گێڕانەوەی خشتەی پلەبەرزکردنەوەی ئەفسەرانی پێشمەرگە و ناوخۆ کۆتایی هات و یەکشەممە فەرمانی هەرێمییان بۆ دەردەچێت.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 30ی نیسانی 2026 جوتیار یوسف، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند: “دوای بەدواداچوونەکانی، ڕێکارە یاساییەکانی گەڕاندنەوەی خشتەی پلەبەرزکردنەوەی ئەفسەرانی وەزارەتی پێشمەرگە و هێزەکانی حەفتا و بەرگری و فریاکەوتن لە ئەنجومەنی وەزیران تەواو بووە و بڕیارە لە سەرەتای هەفتەی داهاتووەوە ڕەوانەی سەرۆکایەتی هەرێم بکرێت بۆ واژۆکردنی فەرمانی کۆتایی.”

جوتیار یوسف گوتیشی: بڕیارە ڕۆژی یەکشەممە نووسراوەکە بە فەرمی ئاڕاستەی سەرۆکایەتی هەرێم بکات بۆ ئەوەی فەرمانی هەرێمی بۆ دەربچێت.

ئەو ئەندام پەرلەمانە، دڵنیایش بە ئەفسەران دەدات کە بەردەوام دەبێت لە بەدواداچوونەکانی لە ناو سەرۆکایەتی هەرێم بۆ ئەوەی لە زووترین کاتدا کارەکان تەواو ببن و پلەبەرزکردنەوەکانیان بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

ماوەی چەند سالێکە لە هەرێمی کوردستان، بەهۆی قەیرانی دارایی و پاشان پرۆسەی چاکسازی پلە بەرزکردنەوەی ئەفسەران ڕاگیراوە.