وەزارەتی ئەوقاف یەکەم ڕۆژی جەژنی قوربان دیاری دەکات

گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف دەڵێت:  26 یان 27ی ئایار یەکەم ڕۆژی جەژنی قوربانی پیرۆز دەبێ و تەنیا سعوودیە ئەو ڕۆژە دیاری دەکات.

ئەمڕۆ چوارشەممە 29ی نیسانی 2026 نەبەز ئیسماعیل، گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقافی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: “ئێوارەی ڕۆژی 29ی زولقەعدە، لیژنەی بینینی مانگ لە سعوودیە رۆژی وەستان لە کێوی عەرەفە و جەژنی قوربان دیاری دەکات. تەنیا سعوودیە ئەو ڕۆژە دیاری دەکات، چونکە ڕێوڕەسمەکانی حەج لەوێن.”

گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف گوتیشی: “9 رۆژ دوای ئەوە دەبێتە یەکەم ڕۆژی جەژنی قوربان. حاجییان لە ڕۆژی 9ی زولحیجە واتە ڕۆژێک پێش جەژن لە کێوی عەرەفە دەوەستن، تاوەکو نوێژی مەغریب و رۆژی دواتر 10ی زولحیجە دەبێتە یەکەم ڕۆژی جەژنی قوربانی پیرۆز.” بە گوتەی نەبەز ئیسماعیل، جەژن دەکەوێتە 26 یان 27ی ئایاری 2026.

ساڵانە ملیۆنان موسڵمان لە سەرانسەری جیهانەوە دەچنە مەککە بۆ ئەوەی ئەرکی حەج بەجێ بگەیێنن.