کەشناسێک: تەرزەی بەهێز دەبارێت و مەترسی دروستبوونی لافاو هەیە

شارەزایەکی کەشناسی، هۆشداری بە هاووڵاتییانی گەرمیان دەدات و دەڵێت: بارانی بەخۆر دەبارێت، لە هەمان کاتیشدا تەرزەی بەهێز دەبارێت و ئەگەری دروستبوونی لافاو هەیە.

ئەمڕۆ دووشەممە 27ی نیسانی 2026 پشتیوان پێنجوێنی، شارەزای کەشناسی ڕایگەیاند: “بەگوێرەی پێشبینییەکان، سبەینێ سێشەممە، لە مەودای نیوەڕۆ بۆ ئێوارە، ناوچەکانی گەرمیان هەندێک کات ئاسمان هەوری تەواو دەبێت و تاوەبارانی بەخوڕ دەبارێت، لەگەڵ ڕوودانی هەورەبروسکەی بەهێز.”

پشتیوان پێنجوینی باسی لەوەش کرد، “لە هەمان کاتیشدا لەو ناوچانە تەرزە دەبارێت، ئەگەرێکی زۆر هەیە کە تەرزەی بەهێز ببارێت، هەروەها گرنگە هاووڵاتییانی ئەو ناوچانە ئاگاداربن کە لافاوی کاتیش دروست دەبێت.”

 گەرمیان بەهۆی هەڵکەوتە جوگرافییەکەیەوە، لە کاتی شەپۆلە بەهێزەکانی بارانباریندا هەمیشە مەترسی دروستبوونی لافاوی لێدەکرێت. لایەنە پەیوەندیدارەکان و بەڕێوەبەرایەتییەکانی بەرگری شارستانی لە ناوچەکە، بەردەوام ئاگاداری بە هاووڵاتییان دەدەن.