نەتەوە یەکگرتووەکان هاوکاریی خێزانە هەژارەکانی هەرێمی کوردستان دەکات

کۆمیسیۆنی باڵای پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان دەستپێکردنی پڕۆژەیەکی ئەزموونیی (تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتیی گشتگیر)ی لە هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند؛ کە ئامانج لێی هاوکاریکردنی خێزانە هەژار و پەنابەرەکانە.

ئەمڕۆ دووشەممە 27ی نیسانی 2026 کۆمیسیۆنی باڵای پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند: “ناو تۆمارکردن بۆ ئەو خێزانانەی دەیانەوێت هاوکارییەکە وەربگرن تاوەکو 28ی نیسانی 2026 بەردەوام دەبێت، خێزانەکان دەتوانن لە دهۆک سەردانی ئەو سەنتەرانە بکەن لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتییەوە بەڕێوەدەبرێن، دواتر وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی پلاندانان، خێزانە شایستەکان لەسەر بنەمای پێوەرەکانی هەژاری هەڵدەبژێرن و بڕیارە دابەشکردنی هاوکارییە دارایییەکان لە ناوەراستی ساڵی 2026 دەستپێبکات.”

لە لایەکی دیکەوە، ئاریان ئەحمەد، گوتەبێژی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: “بەگوێرەی وەزارەتی پلاندان، دهۆک هەژارترین پارێزگای هەرێمی کوردستانە و زۆرترین ئاوارەش لەو پارێزگایەن، بۆیە هاوکاری 3200 خێزان لەو پارێزگایە دەکرێت.”

ئاریان ئەحمەد گوتیشی: “پڕۆژەکە ئەزموونییە، ئەگەر بە سەرکەوتوویی بەڕێوەچوو، دواتر پارێزگاکانی دیکەی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە. پارەکە دیاری نەکراوە،  بەگوێرەی ژمارەی ئەندامانی خێزان و دۆخ و گوزەرانیان بڕی پارەکە دیاری دەکرێت.”

ئەم دەستپێشخەرییە بەشێکە لە پشتگیرییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ گەشەپێدانی عێراق ، بە ئامانجی بونیاتنانی سیستمێکی پاراستنی کۆمەڵایەتیی دادپەروەرانە و بەردەوام بۆ هەموو پێکهاتەکانی وڵات.