هۆشداری لە بارینی تەرزە و هەورەبروسکەی بەهێز دەدرێت

شارەزایەکی کەشناسی دەڵێت: بۆ ماوەی سێ ڕۆژی لەسەر یەک باران دەبارێت و هەورەبروسکەی بەهێزی لەگەڵە. هەروەها بارینی تەرزە لە هەندێک ناوچە.

ئەمڕۆ شەممە 25ی نیسانی 2026 پشتیوان پێنجوێنی، شارەزای کەشناسی ڕایگەیاند: “پێشبینی دەکرێت لە نیوەڕۆی سبەینێ تا ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە، باران بە شێوەی پچڕپچڕ ببارێت، بەتایبەت لە کاتەکانی نێوان نیوەڕۆ بۆ ئێوارە کە ئەگەری بارانی بەخوڕ و هەورەبروسکەی بەهێز هەیە.”

پشتیوان پێنجوێنی، ئاماژەی بەوەش کرد، “ئەگەرێکی زۆری بارینی تەرزە هەیە و پلەکانی گەرما لە ڕۆژانی یەکشەممە و دووشەممەدا بە ڕێژەی 4 پلە نزمدەبنەوە.”

ئەو شارەزایەی کەشناسی هۆشداریش بە هاوولاتییان دەدات و دەڵێت: “بەهۆی مەترسیی هەورەبروسکەوە، لە چەند ڕۆژی داهاتوودا سەردانی ناوچە شاخاوییەکان و شوێنە بەرزەکان نەکەن.”