ئەمڕۆ بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی ڕاپەرین، ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت: “لەمەودوا چاوپۆشى لە ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتا و بڕاوەکان ناکەین و دەستیان بەسەردا دەگرین.”
ئەمڕۆ پێنجشەممە 23ی نیسانی 2026 بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی ڕاپەرین ڕایگەیاند: “دیاردەی ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتا و بڕاوە نەک تەنها سەرپێچییە، بەڵکو هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆیە بۆ سەر ئاسایشی نیشتیمانی بۆیە هیچ جۆرە چاوپۆشی و سازشێک لەسەر دەستبەسەرداگرتنی ئەم جۆرە ئۆتۆمبێلانە ناکرێت.”
لە ڕاگەیەندراوەکەی هاتووچۆی ڕاپەرین هاتووە، “لێخوڕینی بێ مۆڵەت و دروستکردنی جەنجاڵی و بێزارکردنی خەڵک بە دەنگی نائاسایی، بەزاندنی سنووری ئازادیی گشتییە و ئێمە ڕێگە نادەین هیچ کەسێک لە ژێر پەردەی سەرکێشیدا ژیانی خەڵک بخاتە مەترسییەوە. سەلامەتیی گشتی هێڵی سوورە و هەر کەسێک بیبەزێنێت، ڕووبەڕووی سزایەکی قورس و بێ گەڕانەوە دەبێتەوە.”
بەڕێوەبەرایەتییەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، “مەفرەزەکانمان ڕاسپێردراون کە بە توندترین شێوەی یاسایی مامەڵە لەگەڵ ئەم سەرپێچییانەدا بکەن.”
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەشدا دووپاتی دەکەنەوە، “دڵسۆزیی ئێمە بۆ ئەم نیشتمانە و خەڵکەکەی، لە کردارەکانماندا دەبینرێتەوە. دڵنیابن لەپێناو چەسپاندنی ئارامی و سەلامەتیدا، هیچ هەوڵ و وزەیەک ناهێڵینەوە و درێغی ناکەین هەمیشە بەرچاو ڕۆنیمان داوە لە مەترسی سەرپێچییەکانی هاتووچۆ زیانەکانی بۆ کۆمەڵگاو دەوڵەتیش.”