بەرەی گەل لەسەر مانگرتنی لاهوور شێخ جەنگی هاتە دەنگ

بەرەی گەل لە نوێترین ڕاگەیەندراوی خۆیدا، کە هاوکاتە لەگەڵ ڕۆژی ڕۆژنامەگەریی کوردی، تیشک دەخاتە سەر دۆسیەی دەستگیرکراوانی 23ی ئابی 2025 لە هۆتێل لالەزاری شاری سلێمانی و داوای یەکلاکردنەوەی یاسایی دۆسیەکە دەکات.

ئەمڕۆ چوارشەممە 22ی نیسانی 2026 بەرەی گەل  پەیامێکی بەپەلەی ئاراستەی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری لە عێراق و هەرێمی کوردستان كرد و ڕایگەیاند: “پێویستە دەسەڵاتی دادوەری لە ژێر کاریگەری و فشاری سیاسی دووربخرێتەوە. دەبێت ڕێکارە یاساییەکان سەربەخۆیانە بەڕێوەبچن، نەک لە ژێر هەژموونی حیزبی و کەسییەوە.”

لە ڕاگەیەندراوەکەی بەرەی گەل هاتووە، “وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بە ڕێڕەوی بەڕێوەچوونی دۆسیەکە، هەریەکە لە لاهور شێخ جەنگی و پۆلاد شێخ جەنگی لە ڕێکەوتی 19ی ئەم مانگەوە دەستیان بە مانگرتن لە خواردن کردووە. داوا لە کونسوڵخانەکان، نوێنەری وڵاتان و باڵیۆزخانەکان دەکەین لە ڕێگەی کەناڵە دیپلۆماسییەکانەوە فشار بخەنە سەر دەسەڵاتدارانی سلێمانی بۆ کۆتاییهێنان بەو بارودۆخە.”

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەش، داوا لە حیزب، لایەنە سیاسییەکان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی کراوە هەڵوێستی ڕوونیان هەبێت بەرامبەر بەو نادادییەی دەرهەق بە هەڤاڵەکانیان دەکرێت. جەخت کراوەتەوە؛ کە هەوڵەکانیان بەردەوام دەبێت تا گەیشتن بە ئازادی تەواوەتی بۆ لاهور شێخ جەنگی و سەرجەم دەستگیرکراوەکان.