لە گەڕەکی ‘قۆریە’ی شاری کەرکووک بەهۆی ڕووخانی خانوویەک، کچێکی تەمەن 22 ساڵی خاوەن پێداویستیی تایبەت گیانی لەدەستدا و چوار منداڵی دیکەش بە سەختی بریندار بوون.
ڕۆژی سێشەممە 21ی نیسانی 2026 نیهاد موحەممەد، کە دراوسێیەکی ماڵەکەیە ڕایگەیاند: ” ڕووداوەکە لە کاتێکدا بووە کە ماڵەکە سەرقاڵی ئامادەکاری بوون بۆ ئاهەنگی مارەبڕینی کچەکەیان و میوانێکی زۆر لەوێ ئامادەبوون، بەڵام خانوویەکی کۆنی تەنیشتیان کە تەمەنی نزیکەی 100 ساڵ دەبوو و کەسی تێدا نەدەژیا، ڕووخاوە.”
لە لایەکی دیکەوە، فاتیمە ئەحمەد، پووری یەکێک لە بریندارەکان دەڵێت: “لە ناو ئۆتۆمبێلدا بووین و دەچووین بۆ هێنانی بووک، کاتێک دیوارەکە بەسەرماندا ڕووخا. خەڵک منیان دەرهێنا، تەنیا بینیم کچێک گیانی لەدەستدا، خۆزگە من بمردایەم و ئەو نەمردایە.”
هەر لەسەر ڕووداوەکە عیسام خەلیل، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی کەرکووک ڕایگەیاند: “ئاگادارکراینەوە لە داڕووخانی خانوویەک، دەستبەجێ تەواوی تیمەکانمان هێنایە شوێنی ڕووداوەکە و ئێستا سەرقاڵی کارکردنن. پێدەچێت یەکێک لە منداڵەکان لەژێر داروپەردووی خانووەکەدا مابێت، چونکە تاوەکو ئێستا سۆراخی نییە.”
بە گوتەی دراوسێ و شایەتحاڵەکان، خانەوادەکە لەو خانووەدا کرێچین، زۆرینەی ئەندامەکانیان خاوەن پێداویستی تایبەتن.