بەپێی زانیارییەکان، گەنجێک نزیکەی یەک مانگ پێش ئێستا بە هۆکارێکی نادیار دایک و باوکی خۆی کوشتووە و تەرمەکانی لەناو ماڵەکەدا شاردووەتەوە بەبێ ئەوەی کەس پێیان بزانێت.
ئەمڕۆ دووشەممە 20ی نیسانی 2026 سەرچاوە هەواڵییەکان ڕایانگەیاند: گەنجێک دوای کوشتنی دایک و باوکی و هاوڕێیەکی، هەوڵی خۆکوشتنی دا بەڵام بە برینداری دەستگیر کرا.
بە گوێرەی زانیارییەکان، دوێنێ شەو، دوای ئەوەی یەکێک لە هاوڕێکانی گومانی لێ دەکات و هەست بە نائاساییبوونی دۆخەکە دەکات، تۆمەتبارەکە ئەویش دەکوژێت بۆ ئەوەی تاوانەکەی پەردەپۆش بکات. پاشان بکوژەکە فیشەکێکی بە خۆیەوە ناوە بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە ژیانی، بەڵام تەنیا بریندار بووە.
لە ڕووی یاساییەوە، بەپێی یاسای سزادانی عێراقی ژمارە 111ی ساڵی 1969، ماددەی 406، سزای کوشتنی ئەنقەست بۆ پلە یەکەکانی وەک دایک و باوک، دەگاتە سێدارە.