هاتووچۆی هەڵەبجە: ڤیدیۆ لە سەرپێچی شۆفێران بگرن و بۆمان بنێرن

هاتووچۆی هەڵەبجە ئاگادارییەک بڵاودەکاتەوە و تیایدا داوا لە شۆفێران دەکات، ڤیدیۆی سەرپێچییەکان تۆمار بکەن و بۆیان بنێرن.

ئەمڕۆ دووشەممە 20ی نیسانی 2026 بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی پارێزگای هەڵەبجە ڕایگەیاند: “هاوکارمانبن بۆ کەمکردنەوەی سەرپێچیەکانی هاتووچۆ و داواتان لێدەکەین کە هەر شۆفێرێک سەرپێچی لە ڕێنماییەکانی هاتووچۆ کرد، ڤیدیۆی سەرپێچییەکە تۆمار بکەن و بۆمان بنێرن بۆ ژمارە تەلەفونی (07771631988) لە واتسئەپ و ڤایبەر یاخود لەکاتی سەرپێچییەکەدا ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە هەمان ژمارەوە بکەن.”

بەڕێوەبەرایەتییەکە ئاماژەی بەوەش کرد، ” ئامانجیان کەمکردنەوەی سەرپێچییەکان و پاراستنی سەلامەتی گشتییە لە ڕێگەی هاوکاری هاووڵاتییانەوە.”

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەشدا، دڵنیایی دەداتە هاووڵاتییان کە بەهەموو شێوەیەك ناو و ناونیشانی کەسەکە پارێزراو دەبێت و پێویستە ئەو سەرپێچییانەی کە تۆمار دەکرێن هیچ وتە و کردارێکی نەشیاوی لەگەڵدا نەبێت.