نێچیرڤان بارزانی بەشداری لە کۆڕبەندی دیپلۆماسیی ئەنتاڵیا دەکات

ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە 16ی نیسانی 2026 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بە بانگهێشتێکی فەرمی گەیشتە ئەنتاڵیا، تورکیا، بۆ بەشداریکردن لە کۆڕبەندی دیپلۆماسیی ئەنتاڵیا (ADF2026) و کۆبوونەوە لەگەڵ سەرکردە جیهانییەکان. ئەم کۆڕبەندە کە لە 17 بۆ 19ـی نیسانی 2026 بەڕێوەدەچێت، وەک سەکۆیەکی گرنگ بۆ تاووتوێکردنی کێشە جیۆپۆلیتیکییەکان و دۆزینەوەی چارەسەری ئاشتییانە بۆ ململانێکان هەژمار دەکرێت.

گرنگیی کۆڕبەندەکە و ڕۆڵی هەرێمی کوردستان

کۆڕبەندی دیپلۆماسیی ئەنتاڵیا، کە ساڵانە لەلایەن تورکیاوە ڕێکدەخرێت، سەتان سەرکردە، وەزیر و پسپۆڕی سیاسی لە سەرتاسەری جیهان کۆدەکاتەوە. ئەم خولەی کۆڕبەندەکە بەتایبەت گرنگییەکی زۆری هەیە، بەهۆی ئاڵۆزییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران و جەنگی ناوچەکە کە کاریگەریی قووڵیان لەسەر ئاسایشی وزە و سەقامگیریی جیهانی داناوە. کۆبوونەوەکانی ئەنتاڵیا دەبنە دەرفەتێکی گرنگ بۆ هەرێمی کوردستان تاوەکو دیدگای خۆی بۆ ئایندەی ناوچەکە بخاتە ڕوو و پەیوەندییە ستراتیژییەکانی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و جیهان پەرە پێ بدات.

دیداری سیاسی و تەوەری گفتوگۆکان

داڵ میدیا زانیوویەتی: لە میانی ڕۆژانی کۆڕبەندەکەدا، نێچیرڤان بارزانی زنجیرەیەک دیداری سیاسی لەگەڵ سەرکردە و بەرپرسانی باڵای وڵاتان و بەشدارانی کۆڕبەندەکە ئەنجام دەدات. تەوەری سەرەکیی ئەم گفتوگۆیانە بریتی دەبێت لە دۆخی ناوچەکە و چەند پرسێکی دیکەی جێی بایەخی هاوبەش، هەروەها ئاڵۆزییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و گەڕان بەدوای دەرچەیەک بۆ چارەسەرکردنی قەیرانە ئەمنی و سیاسییەکانی ناوچەکە کە ئێستا جیهانیان بەخۆیانەوە سەرقاڵ کردووە.

شاندەکەی هەرێمی کوردستان

جگە لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان، هەریەک لە هۆشیار زێباری، ئەندامی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، و عیرفان عەبدولعەزیز، ڕابەری گشتیی بزووتنەوەی ئیسلامی لە هەرێمی کوردستانەوە، بەشدار دەبن لەم دیدارە جیهانییەدا.

کۆڕبەندی دیپلۆماسیی ئەنتاڵیا: نەخشەڕێگایەک بۆ داهاتوو

کۆڕبەندی دیپلۆماسیی ئەنتاڵیا سەکۆیەکی سیاسیی ساڵانەیە و وەک ناوەندێکی گرنگ بۆ تاووتوێکردنی کێشە جیۆپۆلیتیکییەکان و دۆزینەوەی چارەسەری ئاشتییانە بۆ ململانێکان هەژمار دەکرێت. ساڵانەش کەسایەتییە دیارەکانی هەرێمی کوردستان لەم دیدارەدا بەشداریی دەکەن. ئەم کۆڕبەندە بە دروشمی “نەخشەکێشانی داهاتوو، بەڕێوەبردنی نادڵنیاییەکان” (Mapping Tomorrow, Managing Uncertainties) بەڕێوەدەچێت و ئامانجیەتی ڕێگەچارە بۆ کێشە جیهانییەکان بدۆزێتەوە و داهاتوویەکی باشتر بنیات بنێت.