هێرشی چەکداری کرایە سەر قوتابخانەیەک و 16 کەس بوونە قوربانی

لە ئەنجامی ‌هێرشێکی چەکداری بۆ سەر قوتابخانەیەکی باکووری کوردستان، مامۆستایەک گیانی لەدەست دا و زیاتر لە 15 کەسیش بریندار بوون، هێرشکارەکەش پاش ڕووداوەکە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

ئەمڕۆ سێشەممە 14ی نیسانی 2026 میدیاکانی تورکیا ڕایانگەیاند: “چەکدارێک هێرشی کردە سەر قوتابخانەی ئامادەیی پیشەیی و تەکنیکیی ‘ئەحمەد کۆینجو’ لە گەڕەکی ‘حەسەن چەلەبی’ لە شارۆچکەی سیوەرەکی ڕووهای باکووری کوردستان.”

هەسەن شڵداک، پارێزگاری ڕووها لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: “هێرشبەرەکە ناوی ‘عومەر کەت’ە و لەدایکبووی ساڵی 2007ە.”

پارێزگاری ڕووها ئاماژەی بەوەش کرد، “عومەر قوتابییەکی پێشووی هەمان قوتابخانە بووە، تەنیا قۆناغی نۆیی لەوێ خوێندووە و دواتر چووەتە خوێندنی کراوە.”

بەگوێرەی زانیارییەکان؛ “هێرشکارەکە بە چەکێکی لوولەدرێژ چووەتە نێو قوتابخانەکە، پاشان بە شێوەیەکی هەڕەمەکی تەقەی بە نێو حەوشە و رێڕەوەکانی قوتابخانەکەدا کردووە و پاش هێرشەکەش خۆی کوشتووە، بەمەش ژمارەی قوربانییەکان بۆ دوو گیانلەدەستدان بەرز بووەتەوە.”

دوای ڕووداوەکە، تیمەکانی تەندروستی، پۆلیس و هێزە تایبەتەکان ڕەوانەی شوێنەکە کراون. هێزە ئەمنییەکان توانیویانە زۆربەی ئەو قوتابییانەی لە قوتابخانەکەدا بوون دووربخەنەوە و لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە بەردەوامە.