مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان پەیامێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند؛ “لە ساڵیادی شاڵاوە بەدناوەکانی ئەنفال و جێنۆسایدی گەلی کوردستاندا، داوا لە حکومەتی عێراق دەکەین بەرپرسیارێتییە دەستووری و ئەخلاقییەکانی خۆی بۆ قەرەبووکردنەوەی شایستەی بنەماڵەی قوربانییان جێبەجێ بکات.”
ئەمڕۆ سێشەممە 14ی نیسانی 2026 مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: “شاڵاوە بەدناوەکانی ئەنفال، یەکێک لە دڕندانەترین شاڵاوەکانی پاکتاوی نەژادی و جێنۆساید بوون کە لەلایەن رژێمی پێشووی عێراق لە دژی گەلی کوردستان ئەنجام درا.”
مەسرور بارزانی گوتیشی: “ئەم جێنۆساید و کۆمەڵکوژیيانەی بەرانبەر خەڵکی کوردستان کران، پێویستە هەمیشە لە یادماندا بمێنن و نەوەکانمان بزانن کە دەستکەوتەکانی ئێستامان بە ئاسانی بەدەست نەهاتوون و کەسیش خێری پێ نەکردووین.”
سەرۆکوەزیران جەخت لەوەش دەکاتەوە، کە پێویستە حکومەتی عێراق بەرپرسیاریەتیی ئەخلاقی و دەستووریی خۆی جێبەجێ بکات و بەشێوەیەکی شایان، قەرەبووی بنەماڵە و کەسوکاری ئەو شەهید و ئەنفالکراوانەی کوردستان بکاتەوە.
دەقی پەیامەکەی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان:
شاڵاوە بەدناوەکانی ئەنفال، یەکێک لە دڕندانەترین شاڵاوەکانی پاکتاوی نەژادی و جێنۆساید بوون کە لەلایەن رژێمی پێشووی عێراق لە دژی گەلی کوردستان ئەنجام درا و بووە هۆی بێسەروشوێن بوون و شەهیدکردنی هەزاران خەڵکی بێتاوانی کوردستان و خاپوورکردنی هەزاران گوند و دێهاتی کوردستان.
ئەم جێنۆساید و کۆمەڵکوژیيانەی بەرانبەر خەڵکی کوردستان کران، پێویستە هەمیشە لە یادماندا بمێنن و نەوەکانمان بزانن کە دەستکەوتەکانی ئێستامان بە ئاسانی بەدەست نەهاتوون و کەسیش خێری پێ نەکردووین، بەڵکوو بەرهەمی خەبات و خوێنی هەزاران شەهیدی سەربەرزی کوردستانە.
لەم یادەدا، جەخت دەکەینەوە کە پێویستە حکوومەتی عێراق بەرپرسیاریەتيی ئەخلاقی و دەستووريی خۆی جێبەجێ بکات و بەشێوەیەکی شایان، قەرەبووی بنەماڵە و کەسوکاری ئەو شەهید و ئەنفالکراوانەی کوردستان بکاتەوە.
لە سی و هەشتەمین ساڵیادی ئەنفالدا، سڵاو لە گیانی پاکی ئەنفالکراوان و سەرجەم شەهیدانی کوردستان.
مەسرور بارزانی
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان