دوای 63 ڕۆژ ونبوون تەرمی پیاوێک بەبێ سەر دۆزرایەوە

لە شارۆچکەیەکی سەر بە ئامەدی باکووری کوردستان تەرمی پیاوێک دۆزرایەوە و دەگوترێت سەری بە لاشەیەوە نەماوە. ئەمەش لە کاتێکدایە کە لە 8ی شوباتی ئەم ساڵ پیاوێک بەناوی ساڵح ئەرتاش و تەمەن 84 ساڵ بێسەروشوێن بوو. 

ڕۆژی یەکشەممە 12ی نیسانی 2026 هاووڵاتییەکی شارۆچکەی پاسووری تەرمێکی لە دووری 7 کیلۆمەتر لە ماڵی ساڵح ئەرتەش دۆزیەوە، دوای ئاگادارکردنەوەی تیمە فریاگوزارییەکان و لایەنە ئەمنییەکان دەرکەوت کە تەرمەکە سەری بە لاشەیەوە نەماوە و بە جلوبەرگەکانی پێشبینی دەکرێت تەرمی ساڵح ئەرتەش بێت. 

ساڵح ئەرتەش پیاوێکی خاوەن پێداویستی تایبەت بووە و دانیشتووی گەڕەکی چاغلایانی شارۆچکەی پاسوور بوو، لە ڕۆژی 8ی شوبات دوای ئەوەی لەماڵەوە دەردەچێت، بێسەروشوێن دەبێت و پاش سێ بۆ چوار ڕۆژ تیمە فریاگوزارییەکان لە ونبوونی ئاگادار دەکرێنەوە. 

دوای ئۆپەراسیۆنێکی 23 ڕۆژی لەلایەن سەتان تیمی فریاگوزاری، نەتواندرا تەرمی ساڵح ئەرتەش بدۆزنەوە و دەرئەنجام لە 3ی ئادار کۆتاییان بە گەڕان هێنا. 

لە ئێستادا تەرمی ئەو پیاوەی کە بەبێ سەر دۆزراوەتەوە ڕەوانەی پزیشکی دادی کراوە و لە جلوبەرگ و هەڵسەنگاندنە سەرەتاییەکان وا پێشبینی دەکرێت تەرمی ساڵح ئەرتەش بێت.