گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردە دەڵێت: “پرۆگرامی خوێندنی پۆلی 12 کەم ناکرێتەوە، هەروەها دەسەڵات دەدرێتە ئەو قوتابخانانەی پرۆگرامی خوێندنیان تەواو کردووە، دەست بە تاقیکردنەوەکانی وەرزی دووەم بکەن.”
ڕۆژی یەکشەممە 12ی نیسانی 2026 سامان سیوەیلی، گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: “4ـى ئایار دوایین ڕۆژى تاقیکردنەوەکانى وەرزى دووەم دەبێت و دەسەڵات دەدرێتە ئەو قوتابخانانەی پرۆگرامی خوێندنیان تەواو کردووە، دەست بە تاقیکردنەوەکانی وەرزی دووەم بکەن.”
سامان سیوەیلی گوتیشی: “ئەو قوتابخانانەی تاوەکو ئێستا تاقیکردنەوەی 20 نمرەییان نەکردووە، هێشتا کات ماوە و ئێستا دەتوانن تاقیکردنەوەکان ئەنجامبدەن.” ئاماژەی بەوەش کرد؛ وەزارەتی پەروەردە لە دوو ڕۆژی داهاتوودا ساڵنامەی هەموارکراوی خۆی بۆ پۆلی 9ـی بنەڕەتی و 12ـی ئامادەیی ڕادەگەیەنێت.
سەبارەت بە کەمکردنەوەی پڕۆگرامی خوێندن و ماوەی بەردەست بۆ تاقیکردنەوەکان، سامان سیوەیلی گوتی: “لەنێوان تاقیکردنەوەکانی وەرزی دووەم و تاقیکردنەوەی وزاری، وەک ساڵانى پێشوو 40 ڕۆژیان بۆ خوێندن دەبێت و، پرۆگرامی خوێندنی پۆلی 12 کەم ناکرێتەوە.”
پرۆسەی خوێندنی ناو پۆل لە سەرجەم قوتابخانە، زانکۆ و پەیمانگەکانی هەرێمی کوردستان دەستیپێکردەوە، دوای ئەوەى بۆ ماوەیەکی کاتی پرۆسەی خوێندن لە ناوەندەکاندا ڕاگیرا و گۆڕدرا بۆ سیستەمی خوێندنی ئەلیکترۆنی (ئۆنلاین).