لە هەرێمی کوردستان ڕۆژێکی ئەم هەفتەیە کرایە پشووی فەرمی

بەبۆنەی هاتنی جەژنی سەری ساڵی ئێزدییان، چوارشەممەی ئەم هەفتەیە لە سەرجەم دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرایە پشووی فەرمی.

ئەمڕۆ یەکشەممە 12ی نیسانی 2026 حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: ” بەبۆنەی جەژنی سەری ساڵی ئێزدییان کە ساڵانە هاوکاتە لەگەڵ سێیەم چوارشەممەی مانگی نیسان، لە سەرجەم دامودەزگاکانی هەرێمی کوردستان پشووی فەرمی دەبێت. بەپێی ڕۆژمێری فەرمیی دەکەوێتە 2026-4-15.”

ئایینی ئێزدی، به‌ یەکێک لە کۆنترین ئایینە مێژووییەکانی هه‌رێمی كوردستان و عێراق و جیهان دادەنرێت. په‌یڕه‌وكارانی ئه‌م ئایینه‌ له‌ كوردستان، زیاتر لە ناوچەکانی شەنگال و شێخان نیشته‌جێن. هه‌روه‌ها ئێزدییه‌كان جگە لە باشوور، ژماره‌یه‌كی یه‌كجار زۆریان لە باکوور و ڕۆژئاڤای کوردستان ده‌ژین و لە وڵاتانی وەک ئەرمینیا، جۆرجیا و ڕووسیا وه‌ک پێكهاته‌ی ڕه‌سه‌ن مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ ده‌كرێت.