ئەمریکا 3 ملیۆن دۆلار (300 دەفتەر دۆلار) خەڵات دەداتە ئەو کەسەی زانیارییان پێدەدات لەسەر ئەو کەسانەی هێرشدەکەنە سەر کونسوڵخانە و باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە هەولێر و بەغدا.
ڕۆژی پێنجشەممە 2ی نیسانی 2026 کونسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر، هەواڵێکی پڕۆگرامی پاداشت بۆ دادپەروەریی ئەمریکا بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند: “خەڵاتێکی تا 3 ملیۆن دۆلاری بۆ ئەو کەسانە داندراوە کە یارمەتییان دەدات لە ڕاگرتنی هێرشە تیرۆریستییەکان بۆسەر دامەزراوە دیپلۆماسییەکانی ئەمریکا لە عێراق و هەرێمی کوردستان.”
لە بڵاوکراوەکەدا ئەوەش هاتووە؛ “دەکرێت زانیارییەکانت بتکەنە شایستەی گواستنەوەی شوێنی نیشتەجێبوون و وەرگرتنی پاداشت.”
ئەمە لە کاتێکدایە، باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا هۆشدارییەکی تووندی ئەمنی بڵاوکردووەتەوە و داوا لە هاووڵاتییانی وڵاتەکەی دەکات بە زووترین کات عێراق جێبهێڵن. بەهۆی ئەوەی ئێران و گرووپە چەکدارە هاوپەیمانەکانی لە ماوەی 48 کاتژمێری داهاتوودا پلانی هێرشیان هەیە.