لە هەرێمی کوردستان 628 قوتابی بەبێ ئۆنلاین وانە دەخوێنن

بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان دەڵێت: 628 قوتابیمان هەیە بەبێ سیستەمی ئۆنلاین وانەکانیان دەخوێنن.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 2ی نیسانی 2026 ئیحسان عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: “ئەو قوتابییانە بە هەمان سیستەم و پڕۆگرامەکانی خوێندنی ئاسایی ڕۆژانە وانەکانیان دەخوێنن و پشووەکانیشیان وەک قوتابیانی دەرەوەیە.”

ئیحسان عەبدولڕەحمان گوتیشی: “لەو 628 قوتابییە، نزیکەی 200یان قوتابی زانکۆ و پەیمانگاکانن. زۆرترین ڕێژەی قوتابییانیش لە سنووری پارێزگای هەولێرە.”

بەڕێوەبەری گشتی چاکسازییەکان ئاماژەی بەوەش کرد، ” جیاوازیی خوێندنی سزادراوەکان لەگەڵ قوتابییانی دیکە لەوەدایە کە ئەوان ئێستا وانەکانیان بە ئاسایی دەخوێنن نەک بە ئۆنلاین.”

ئەم ڕێکارە هەوڵێکە بۆ ئەوەی قوتابییانی ناو چاکسازییەکان لە خوێندن دوانەکەون و بتوانن وەک قوتابییانی دەرەوە درێژە بە خوێندنەکەیان بدەن.