کەشناسێک: تەرزەیەکی زۆر دەبارێت و مەترسی دروستبوونی لافاو هەیە

ئاراس جه‌بار، شاره‌زای كه‌شناسی ڕایگەیاند: لە کاتەکانی ئێوارەی ئەمڕۆ تەرزەیەکی زۆر دەبارێت و سبەی یەکشەممەش مەترسی دروستبوونی لافاو هەیە.

ئەمڕۆ شەممە 21ی ئاداری 2026 ئاراس جەبار، شارەزای کەشناسی سەبارەت بە کەشی سبەی ڕایگەیاند: “جارێکی دیکە کاریگەری ئەو ناجێگیریە لە کەش و بەرگەهەوای ناوچەکەدا چالاکتر دەبێتەوە و شەپۆلێکی بەهێزی هەورەبروسکە و تەرزە و لێزمەباران سەرجەم ناوچەکانمان دەگرێتەوە و تا کاتەکانی شەو کاریگەریەکانی ناو بە ناو بە بەهێزی بەردەوامی دەبێت لەگەڵ چالاکبوونی بای باشووری ڕۆژهەڵات لە کاتەکانی بەیانی بۆ ئێوارەدا.”

ئەو شارەزایەی کەشناسی ئاماژەی بەوەش کرد، “بەهێزترین ماوەی دابارینی باران و تەرزە لە ناوچەکانی سنووری پارێزگای دهۆک و هەولێر و کەرکووک و نەینەوا، لە کاتەکانی نێوان نیوەڕۆ بۆ ئێوارە دەبێت و لەو ماوەیەدا ئەگەری دروستبوونی لافاویش دەبێت، بەتایبەت لە ناوچەکانی سنووری قەزای ئاکرێ و ئامێدی و دەڤەری بادینان و بارزان بە گشتی.”

لە کۆتای قسەکانیدا ئاراس جەبار دەڵێت: “لە ناوچەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەی ڕاپەرین و سۆران و گەرمیانیش لە نێوان کاتەکانی ئێوارە بۆ شەو هەورەبروسکە و بارانی بەخوڕ چالاکتر دەبێت و لە هەندێ شوێندا ئەگەری دروستبوونی لافاو و بارینی تەرزەیەکی زۆریش دەبێت.”