سەتان دەستگیرکراو لە ڕۆژئاوای کوردستان ئازاد دەکرێن

لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ هێورکردنەوەی بارودۆخی ناوچەکە، پرۆسەی ئازادکردنی سەتان دەستگیرکراو لە پارێزگای حەسەکە دەستیپێکرد.

ڕۆژی پینجشەممە 19ی ئاداری 2026 سیامەند عەفرینی، فەرماندەی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی حەسەکە ڕایگەیاند: “300 کەس ئازاد دەکرێن کە لە ڕووداوەکانی مانگی یەکی ئەمساڵدا دەستگیرکرابوون.”

سیامەند عەفرینی گوتیشی: “پێشتر حکومەتی دیمەشق وەک نیشاندانی نیازپاکی، دەیان کەسی ئازاد کردبوو کە لە کاتی گرژییەکانی گەڕەکەکانی ئەشرەفییە و شێخ مەقسوود لە حەلەب دەستگیرکرابوون.”

سیامەند عەفرینی ئاماژەی بەوەش کرد، “ئەم دەسپێشخەرییە بەشێکە لە ڕێککەوتنی نێوان حکومەتی دیمەشق و هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە دۆسیەی گیراوەکان و چەسپاندنی سەقامگیریی کۆمەڵایەتی.”

ئەم هەنگاوە وەک وەرچەرخانێکی ئەرێنی دەبینرێت بۆ کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکانی نێوان هەردوولا لە ڕۆژئاوای کوردستان.