کەشناسێک: شەپۆڵێکی بەهێزی باران و هەورەبروسکە بەڕێوەیە و تاوەکو 13 ڕۆژ بەردەوام دەبێت

شارەزایەكی بواری كەشناسی ڕایگەیاند؛ لە 13 ڕۆژی کۆتایی ئەم مانگەدا لە نێوان 100 بۆ 300 ملم باران دەبارێت.

ئەمڕۆ دووشەممە 16ی ئاداری 2026 ئاراس جەبار، شارەزای کەشناسی ڕایگەیاند: ڕۆژانی سێ شەممە و چوارشەممە کەش و هەوا جێگیر و سەقامگیر دەبێت، بەڵام لە ڕۆژی پێنج شەممە 19-3-2026 سەر لەنوێ هەرێمی کوردستان و وڵاتانی ناوچەکە دەکەونە ژێر کاریگەری دوو نزمە پاڵەپەستۆی قووڵ لەدەریای ناوەراست و سوورەوە و شەپۆڵێکی بەهێزی لێزمە باران و هەورەبروسکە دەستپێدەکاتەوە.”

ئاراس جەبار گوتیشی: “کاریگەری نزمەپاڵەپەستووەکەی دەریای ناوەراست ئەمجارە پێشبینی دەکرێت بۆ ماوەیەکی درێژ لەسەر ناوچەکە بمێنێتەوە بەدرێژای ڕۆژانی جەژنی رەمەزان و نەورۆز تا کۆتای ئەم مانگە 31-3-2026 کاریگەرییەکانی بەردەوامی دەبێت بەدرێژایی ئەو ماوەیەش کەشوهەوای هەرێمی کوردستان ناجێگیر دەبێت.”

ئاراس جەبار ئاماژەی بەوەش کرد، “سبەی سێشەممە و چوارشەممە پلەکانی گەرما 4 بۆ 5 پلە بەرزدەبنەوە، بەڵام ڕۆژی پێنجشەممە پلەکانی گەرما بە ڕێژەی 5 بۆ 6 پلەی سیلیزی دادەبەزن.”