کەشناسێک: بارانێکی زۆر بەڕێوەیە و بەنداوی دوکان سەرڕێژ دەبێت

سەرڕێژبوونی بەنداوی دوکان لە ساڵی 2019 وێنە -gettyimages

شارەزایەکی بواری کەشناسی مژدەی بارانبارینێکی زۆر بە هاووڵاتییان دەدات و دەڵێت: “وەرزی دابارینی 2026- 2027  یەکێک دەبێت لە پڕباراناویترین وەرزەکانی دابارین بۆ تەواوی هەرێمی کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.” و “پەڵە پێشدەکەوێت و بەنداوەکانیش سەرڕێژ دەبن.”

ئەمڕۆ پێنجشەممە 12ی شوباتی 2026 شاڵاو هیدایەت، شارەزای بواری کەشناسی ڕایگەیاند: بەپێی هەردوو سەنتەری مۆدێلی پێشبینیکردنی (WMO) و (NOAA)ی ئەمەریکی دیاردەی ‘ئێل نینۆ’ لەناو وەرزی هاوینی 2026 ڕوودەداتەوە و تا ناوەڕاستی ساڵی 2027 یان زیاتر بەردەوامی دەبێت کاریگەری ئەم دیاردەیە لەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەرێمی کوردستان بەگشتی گەورە و ئەرێنییە، پایزەکەمان بە باران دەست پێ دەکات و پەڵەش دوای چەندین ساڵ پێشدەکەوێت.

شاڵاو هیدایەت گوتیشی: وەرزی دابارینی 2026-2027 تەواوی سەرچاوە ئاوییەکان دەبوژێنێتەوە و بەنداوەکانیش سەرڕێژ دەبن بە بەنداوی دوکانیشەوە هاوشێوەی ساڵی 2018-2019.

شاڵاو هیدایەت، لەسەر دیاردەی  ‘ئێل نینۆ’ دەڵێت: “لەماوەی 1 تا 10 ساڵ جارێک یان چەند جارێک ئەم دیاردەیە ڕوودەدات.  بەگشتی ماوەی خایاندنی 9 تاوەکو 12 مانگە و هەندێ جاریش درێژ دەبێتەوە بۆ 18 مانگ.” هەروەها “لە ساڵی ‘ئێل نینۆ’دا پێشبینی ڕوودانی تەرزەی قەبارە گەورە و لافاوی زۆر گەورە دەکرێت. لەگەڵ بوونی هەوری دەگمەنی سووپەرسێڵ و هەورە بروسکەی زۆر.”