گەنجەکەی برادۆست لە ئۆکراینا نەکوژراوە و زیندووە

وێنەی مەتین وەهاب، ئەو گەنجەی برادۆست کە چۆتە نێو ڕیزەکانی سوپای ڕووسیا

دوای هەفتەیەک لە ڕاگەیاندنی هەواڵی کوژرانی گەنجێکی ناوچەی برادۆست بە ناوی ‘مەتین وەهابلە ڕیزەکانی سوپای ڕووسیا، باوکی گەنجەکە هەواڵەکە ڕاست دەکاتەوە و دەڵێت: “بە تەلەفۆن قسەم لەگەڵ کوڕەکەم کرد و سوپاس بۆ خوا سەلامەتە.”

ئەمڕۆ چوارشەممە 11ی شوباتی 2026، هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ڕایگەیاند: “ئێمە هەفتەی ڕابردوو لە رێگەی نوێنەرایەتیی عێراق و کوردستان لە ڕووسیا بە دۆکیۆمێنت هەواڵی کوژرانی ئەو گەنجەمان پێگەیشت و تەنانەت ڕاپۆرتی فەرمیی کوژرانیشیان بۆ ناردین، بۆیە خێزانەکەیمان ئاگادار کردەوە و هەوڵمان بۆ هێنانەوەی تەرمەکەی چڕکردەوە.”

هەڵگورد شێخ نەجیب گوتیشی: “لەگەڵ ئەوەی بە نیسبەت ئێمە هەواڵێکی خۆشە، بەڵام کار لەسەر ئەوە دەکەین دۆکیۆمێنتی دروست لەبارەی زیندوومانەوەی دروست بکەین و لە ئەنجام ئاگادارتان دەکەینەوە.”

وەهاب خدر، باوکی مەتین لە بارەی ژیانی کوڕەکەی ڕایگەیاند: “بە تەلەفۆن قسەم لەگەڵ کوڕەکەم کرد و سوپاس بۆ خوا سەلامەتە.”

مەتین وەهاب، گەنجێکی تەمەن 22 ساڵی دەڤەری برادۆستە، 6 مانگە چووەتە ڕیزەکانی سوپای ڕووسیا لە بەرانبەر ئۆکراینا. هەفتەی ڕابردوو هەواڵی کوژرانی بە خانەوادەکەی گەیشت و ئەوانیش پرسەیان بۆ دانا، بەڵام شەوی ڕابردوو بەگوێرەی گوتەی باوکی بە تەلەفۆن قسەیانکردووە خۆی پەیوەندی بە باوکییەوە کردووە.