کەشناسێک: وشکەساڵی کۆتایی پێ هاتووە و شەپۆلی بەفر و باران بەردەوام دەبێت

شارەزایەکی کەشناسی دەڵێت: شەپۆلەکانی بەفر و بارانبارین کۆتایی نەهاتووە و لەم چەند ڕۆژەدا شەپۆلێکی نوێ ناوچەکەمان دەگرێتەوە.

ڕۆژی شەممە 24ی کانوونی دووەمی 2026, شاڵاو هیدایەت، شارەزا لە بواری کەشناسی ڕایگەیاند: پلەکانی گەرما ڕوو لە بەرزبوونەوە دەکەن و کەشوهەوا سەقامگیر دەبێت لەم یەک دوو ڕۆژەدا، بەڵام لە 28 بۆ 29ی ئەم مانگە شەپۆلێکی دیکەی باران و بەفربارین ڕوو لە هەرێم دەکات.

شاڵاو هیدایەت گوتیشی: شەپۆلی ئەمجارە بە زۆری بارانە تەنها لە بەشێکی ناوچە شاخاوییەکان ئەگەری بەفربارین هەیە. هەروەها پێشبینی ئەوەش دەکات کە لە مانگی دوو و سێ ئەم ساڵ کۆمەڵێک شەپۆلی بەهێزی باران، بەفر و سەرماوسوڵە ناوچەکانمان بگرێتەوە.

شاڵاو هیدایەت، مژدەی کۆتایی هاتنی وشکەساڵی بە هاووڵاتیان دەدات و دەڵێت: “سوپاس بۆ خودا وشکەساڵی کۆتایی هاتووە و زۆر باش دەبێت بەگشتی.”