مەزڵووم عەبدی فەرماندەی گشتی هەسەدە ڕایگەیاند: ئێستا هێزەکانمان لە ناوچە کوردنشینەکان جێگیربوون، پاراستنی ئەم ناوچانە هێلی سوورە و بە هەموو هێزێکمان بەرگرییان لێ دەکەین.
ئەمڕۆ سێشەممە 20ی کانوونی دووەمی 2026، مەزڵووم عەبدی بە ئاژانسی “هاوار نیوز” ڕایگەیاند: ستایشی خۆڕاگریی هاووڵاتییان و شەڕڤانان دەکەین، لەبەرامبەر هێرشی ناڕەوای سوپای سووریا. هێرشەکان ئێستا لە ئاستێکی مەترسیداردان بە تایبەتی بۆ سەر “کەمپی هۆڵ”.
فەرماندەی هەسەدە گوتیشی: لە دوێنی شەوەوە هەوڵێکی توند لە ئارادایە بۆ ئەوەی کەمپی هۆڵ بە زەبری چەک کۆنترۆڵ بکرێت.هەروەها بەهۆی بەکارهێنانی تانک و زریپۆش لە هێرشەکاندا ، پاسەوانی کەمپی هۆڵ ناچاربوون پاشەکشە بکەن.
مەزڵووم عەبدی، داوا لە حکومەتی سووریا دەکات کۆتایی بە هێرشەکان بهێنێت و پەنا بۆ دیالۆگ ببات.

