بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێ هێرشی چەکدارانی سەر بە دیمەشق لە سێ بەرەی جیاواز لە سنووری کۆبانێ لەلایەن هێزەکانی سووریای دیموکرات تێکشکێندران.
ئەمڕۆ سێشەممە 20ی کانوونی دووەمی 2026، هەسەدە ڕایگەیاند: لە پێکدادانێکدا کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە کاتژمێر 3:00 تاوکو 6:00 بەردەوامبوو، هێزەکانمان بە ئازایەتی و توانایەکی بەرزەوە بەرپەرچی هێرشەکانیان دایەوە.
هێرشی چەکدارانی سەر بە حکومەتی سووریا لە سێ شوێنی جیاواز ئەنجام دراون و بەگوێرەی ڕاگەیاندراوەکەی هەسەدە، لە هەر سێ شوێنکە هێرشەکان تێکشکێندراون و دوژمن ناچار بە کشانەوە کراوە.
بە گوێرەی ڕاگەیاندراوەکە، لە بەرەی ‘سرین’دا پێکدادانێکی قوڕس لە نێوان شەڕڤانان و چەکدارانی سووریا دروست بووە و هەسەدە دەڵێت: ژمارەیەکی زۆر لە ئۆتۆمبێلی سەربازی و زرێپۆشی هێزەکانی حکومەتی سووریا تێکشکێندراون و سەرنشینەکانیان کوژراون.
لە ڕاگەیاندراوەکەی هەسەدە ئاماژە بە تێکشکاندنی هێرشی بەرەی ‘ئەبو سوڕە’ دراوە و دەڵێت: گورزێکی گەورەمان لە هێزەکانی دوژمن داوە و ناچارمان کردوون “بکشێنەوە و هەڵبێن.”
هەروەها لە باشووری ڕۆژهەڵاتی کۆبانێ و بە دیاریکراوی لە بەرەی گوندی ‘خان مامەند’ شەڕڤانان هێرشێکی دیکەیان تێکشکاندووە و دەڵێت: دوژمن گورزی کەمەرشکێنی بەرکەوتووە و پلانەکەی شکستی هێناوە و ناچار بە کشانەوە کراوە.
ئەم هێرشانە بۆ سەر کۆبانێ لەلایەن چەکدارانی سەر بە حکومەتی سووریا دوای ئەوە دێن، ڕۆژی چوارشەممە مەزڵووم عەبدی و ئەحمەد شەرع لە دیمەشق کۆبوونەوە، بەڵام بەهۆی پەشیمانبوونەوەی حکومەتی سووریا لەو بەڵێنانەی بۆ ڕێککەوتن بە هاونیشتمانیانی کوردیان دابوو لە ڕۆژئاوای کوردستان، کۆبوونەوەکە بێ دەرئەنجام کۆتایی هات و کورد بڕیاری بەرگری و شەڕکردنی دا.

