شارەزایەکی بواری کەشناسی هۆشداری لە هاتنی شەپۆڵێکی بەهێزی سەرما بۆ سەر ناوچەکانمان دەدات و پێشبینی دەکرێت پلەکانی گەرما بۆ 16 پلەی ژێر سفر داببەزن.
ڕۆژی شەممە 17ی کانوونی دووەمی 2026 شاڵاو هیدایەت، شارەزا لە بواری کەشناسی ڕایگەیاند:”لە ڕۆژی یەکشەممەوە تاوەکو 20ی مانگ شەپۆڵێکی باران، بەفر و کڕێوە بەکاریگەری و بڕی جیاواز سەرجەم ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە کەسەرچاوەی سەرەکی دەریای ناوەڕاسته.”
شاڵاو هیدایەت گوتیشی: شەپۆلی ئەم جارەی بەفربارین زیاتر دەبێت لە شەپۆلەکانی ڕابردوو، جگە لەوەی کە تەواوی ناوچە شاخاوییەکان دەگرێتەوە، ئەگەری دابەزینی هەیە بۆ بەشێکی زۆری نزمایەکان و هەتا ئەگەری هەیە لە سەنتەری شارەکانیش بەفر ببارێت.
شاڵاو هیدایەت داواش دەکات ڕۆژانی سێشەممە و چوارشەممەی ئەم هەفتەیە بکرێتە پشوو، بەتایبەتی ڕۆژی سێشەممە و دەڵێت: ڕۆژی سێشەممە زۆر پێویستە بکرێتە پشوو، چونکە لوتکەی زۆری قوڵبوونەوەی بارستە هەوایه ساردەکەیە و پلەکانی گەرما لەهەموو کوردستان دێنە ژێر سفر و لە زۆرینەی ناوچەکان بۆ ژێر سفر نزم دەبنەوە و ئەگەری شەختە و بەستنی زۆر هەیە.

